بەهۆی پۆستێکی ترەمپەوە، کە نایەوێت لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کۆببێتەوە، بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان داڕما و دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوەبینی.
کەناڵی بلوومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘تروس سۆشیاڵ’ رایگەیاند، “چیتر هۆکارێک نەماوە بۆ کۆبوونەوە و سازان لەگەڵ شی جینپینگ”، هەروەها ئامادەکاری بۆ زیادکردنێکی بەرچاوی باجی گومرگیی لەسەر بەرهەمەکانی چین دەکات بە رێژەی %100، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە کۆریای باشوور چاویان بەیەکتری بکەوێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەم نادڵنیاییەوە، بازرگانان و وەبەرهێنەران پەنایان بۆ کڕینی ئەو بوارانە بردووە کە سەلامەتن و سامانەکانیان ناخاتە ژێر مەترسییەوە، وەک زێڕ و زیو، هەر ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی زێڕ و تۆمارکردنی بەرزترین ئاستی مێژوویی بۆ زیو.