وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرایکرد، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە خزمەتی پارێزگای هەڵەبجە بکات، بەڵام یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان نەبوونی پارەی کاشە لە بانکەکان بۆ بەڵێندەرەکان.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژانامەوانیدا لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، “سەرەڕای قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست، لەماوەی کابینەی نۆیەمدا توانیویانە یەک تریلیۆن دینار بۆ پرۆژەکانی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان خەرجبکەن”.
وتیشی، “یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، نەبوونی پارەی کاشە لە بانکەکان تاوەکو بدرێتە بەڵێندەران، وەک وەزارەت پاش رەزامەندیی لەسەر پرۆژەکان، پێشینە دەدەینە بەڵێندەران و وەک رەسید دەچێتەسەر هەژمارە بانکییەکەیان، بەڵام پێنەدانی پارەکە بە کاش کارەکانی پرۆژەکان دوادەخات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بەشێک دەبێت لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەیەی کە بۆ بەڵێندەران دروستبووە.