کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتیی واتساپ دەکات، زیادکردنی تایبەتمەندییەکی نوێی راگەیاند کە بەکارهێنەر دەتوانێت راستەوخۆ لەناو ئەپەکەدا نامە وەربگێڕێت، جا چ لەسەر ئای ئۆ ئێس یان ئەندرۆید بێت.
ئەم هەنگاوە وادەکات بەکارهێنەرانی ئەپەکە بتوانن بەربەستی زمان لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوڕێیان، گروپەکان، یان تەنانەت لە سەرجەم کەناڵەکاندا لاببەن.
واتساپ لە پۆستێکی رەسمیی خۆیدا نووسیویەتی، “بە زیاتر لە 3 ملیار بەکارهێنەر لە زیاتر لە 180 وڵاتدا، هەمیشە هەوڵدەدەین خەڵک لە یەکتر نزیکبکەینەوە، بەڵام دەزانین کە زمان دەتوانێت ببێتە بەربەستێک لەبەردەم دەربڕین و ئەنجامدانی کارەکان، هەر بۆیە زۆرخۆشحاڵین بۆ دەستپێکردنی وەرگێڕانی پەیام لە واتساپ بۆ ئاسانکاریی پەیوەندیکردن لە سەرانسەری زمانە جیاوازەکاندا.”
واتساپ دەڵێت، بەکارهێنەران دەتوانن کلیک بکەنە سەر هەر نامەیەک بە زمانێکی بیانی، دواتر بژاردەی “وەرگێڕان” هەڵبژێرن بۆ ئەوەی وەرگێڕانەکە بە زمانی دڵخوازی خۆیان ببینن، هەروەها دەتوانرێت زمانە هەڵبژێردراوەکان داببەزێندرێن بۆ بەکارهێنانی داهاتوو بەبێ هێڵی ئینتەرنێتی بەردەوام.
جگە لەوەش واتساپ تایبەتمەندییەکی زیادە پێشکەش بە بەکارهێنەرانی ئەندرۆید دەکات کە بریتییە لە وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکیی تەواوی گفتوگۆیەک، کاتێک ئەم هەڵبژاردنە چالاککرا، هەموو پەیامە نوێیەکانی ئەو گفتوگۆیە دەستبەجێ وەرگێڕدراون، ئەمەش کات و ماندووبوون بۆ ئەو بەکارهێنەرانە پاشەکەوت دەکات کە زۆرجار بە زمانی جیاواز پەیوەندی دەکەن.
ئێستا خزمەتگوزاریی وەرگێڕان بە شەش زمان لەسەر ئامێرەکانی ئەندرۆید بەردەستە کە بریتین لە ئینگلیزی، ئیسپانی، هیندی، پورتوگالی، روسـ.ـی و عەرەبی، بەکارهێنەرانی ئایفۆنیش دەتوانن دەستیان بە زیاتر لە 20 زمان بگات، لەوانەش زمانی عەرەبی.