لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بە هاوکاریی ئەوان دوو بازرگانیی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشـ.ـبەرەکان لە سعودییە دەستگیرکراون و لەسەر داوای ئەو وڵاتەش نوێنەرێکیان بەشداریی لە لێکۆڵینەوەکاندا دەکەن.
عەقید سەلام عەبدولخالق لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لەسەر بنەمای زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم توانرا دوو کەس کە خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینن و وەک بازرگانیی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکان ناسراون لە خاکی سعودییە دەستگیربکرێن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو دوو کەسە کۆمپانیای حەج و عومرەیان هەبووە، ماوەی شەش ساڵە لەنێوان وڵاتانی عێراق، سعودیە و وڵاتانی کەنداو لەرێگای پاسەکانی حەج و عومرەوە ماددە هۆشبەرەکانیان گواستووەتەوە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا بڕی 142 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری شلیان پێبووە کەلەناو یەکێک لە پاسەکانی عومرەکاران حەشاریان دابوو کە بەهاکەی بایی ملیۆنێک و 270 هەزار دۆلار بووە”.
ئاشکراشیکرد، “سعودییە داوایکردووە نوێنەرێك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی سەر بە دەزگاكەمان بچێتە ئەو وڵاتە، بۆ هاوكاریكردنیان لە لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و دۆسیەكانی دیكەی پەیوەست بەو بازرگانییانە”.