وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەیان ئەمڕۆ واژوو لەسەر بڕیاری گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ وەزارەتی جەنگ دەکات.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ترەمپ بە بڕیاری گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی بۆ وەزارەتی جەنگ؛ ناوە مێژوویی و کۆنەکەی پێنتاگۆن زیندوو دەکاتەوە کە نوێترین هەنگاوی سەربازیی ئەمریکایە لەپێناو رەنگدانەوەی ناوی وەزارەتەکە لەگەڵ هێزی ئەمریکادا.
وتیشی، “ترەمپ بە واژووکردنی ئەم بڕیارە رێگە بە پێنتاگۆن دەدات کە وەزارەتی جەنگ وەک ناوی دووەم بەکاربهێنێت، تاوەکو کۆنگرێسی ئەمریکا بە رەسمیی بڕیار لەسەر ناوەکە دەدات و دواتر وەزارەتی جەنگ دەبێتە ناوی یەکەم و رەسمیی وەزارەتەکە”.
پێشتر و تاوەکو ساڵی 1949، ناوە رەسمییەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وەزارەتی جەنگ بوو، بەڵام دواتر و بەمەبەستی رێگریکردن لە جەنگ لە جیهاندا ناوی وەزارەتەکە گۆڕدرا بۆ وەزارەتی بەرگریی.