کێ دەیەوێت بۆ هەمیشە بژی؟

لە گفتوگۆیەکی نێوان شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، کە تێیدا مایک کراوەتەوە و دەنگی نێوانیان تۆمارکراوە، ئەم دوو سەرۆکە کە لە حەفتاکانی تەمەنیاندان، گفتوگۆیەکی هەستیار و سەیر لەبارەی نەمرییەوە دەکەن؛ سەرۆکی چین پرسی تەمەنی مرۆڤ دەهێنێتە بەر باس و، مشتومڕی ئەو ئەگەرە دەکات کە رەنگە بەهۆی پێشکەوتنە پزیشکییەکانەوە، مرۆڤ بتوانێت تاوەکو 150 ساڵ بژی، لێرەدا زانستی پزیشکی و جیۆپۆڵەتیک بەر یەکتری دەکەون.

دوێنێ لە کاتی بەڕێکەوتنیان بەرەو نمایشە سەربازییەکە، شی جینپینگ و ڤلادیمێر پوتن دەست بە گفتوگۆیەک دەکەن و زۆرێک پێیانوابوو، رەنگە باسی چەکی نوێ و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا بکەن، بەڵام لە راستیدا گفتوگۆیەکی بچووک لەبارەی پرسێکی جیاوازەوە دەکەن، “نەمری”.

شی جینپینگ لە کاتی رێکردنیدا هاوشان لەگەڵ پوتن و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، دەڵێت، “رەنگە ئیتر مرۆڤ بتوانێت 150 ساڵ بژی”، پوتنیش لە رێگەی وتەوەرگێڕەکەیەوە دەڵێت، “رەنگە بەهۆی چاندنی ئەندامە جیاوازەکانی جەستەوە، مرۆڤ بتوانێت بگاتە ‘نەمری’ و ئەو خەونە بەدیبهێنێت”.

پرسی تەمەندرێژی و نەمری ئەوەمان بۆ رووندەکاتەوە، چۆن پێشکەوتنە پزیشکییەکان لەگەڵ پرسەکانی جیۆپۆڵەتیک تێکەڵدەبێت، ئەمەش هیوایەک بە شی جینپینگ و ڤلادیمێر پوتن دەدات کە بتوانن بۆ چەندین ساڵی دوورودرێژی دیکە لە دەسەڵات بمێننەوە.

دواتر و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پوتن پشتڕاستیدەکاتەوە ئەو گفتوگۆیە روویداوە و دەڵێت، “زانستی پزیشکیی مۆدێرن رێگە بە مرۆڤ دەدات هیواخوازبێت”، دەشڵێت، “لەئێستادا بەراورد بە پێشوو، تەمەنی مرۆڤ زیاتر هەڵکشاوە، چاندنی ئەندامە جیاوازەکانی جەستە، زیاتر دەرگا بە رووی ئەگەری روودانی ئەو خەونە دەکاتەوە”.

بەپێی چەند راپۆرتێک، سەرۆکی روسیا خواست و ئارەزووی خۆی لەبارەی مانەوەی لەو پۆستە بۆ چەندین ساڵی دیکە خستووەتەڕوو، بۆ ئەمەش وەزیری تەندروستیی وڵاتەکەی راسپاردووە، پرسی تەمەندرێژی بکرێت بە پرسێکی “لەپێشینە”.

کۆمپانیای “رۆساتۆم”ـی روسی، کە لە بواری وزەی ئەتۆمی کاردەکات، ساڵی رابردوو رایگەیاند، پەرەیان بە تەکنەلۆژیای ‘لەبەرگرتنەوە’ی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ داوە؛ هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە، کە لە رێگەی چاندن و گۆڕینی ئەندامەکانی جەستە یان چاندنی مێشک، تەمەنی مرۆڤ درێژببێت؛ بەڵام پوتن لە گفتوگۆکەدا لەگەڵ جینپینگ، پێیوایە چاندن و گۆڕینی ئەندامەکانی جەستە، کلیلی تەمەندرێژیی مرۆڤە.

لە گفتوگۆکەدا کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، شانبەشانی جینپینگ و پوتن رێدەکات، بە سەرسامییەوە گوێ لەوان دەگرێت و جارجار زەردەخەنەیەک دەکات، سەرۆکی چین روودەکاتە پوتن و لە رێگەی وتەوەرگێڕەکەیەوە و بە شێوازێکی گاڵتەئامێز پێی دەڵێت، “پێشتر مرۆڤ بەدەگمەن تەمەنی دەگەیشتە 70 ساڵ، بەڵام ئێستا بە 70 ساڵی هێشتا منداڵیت”.

سەرۆکی روسیاش لە وەڵامدا دەڵێت، “بایۆتەکنەلۆجیا رێگەی بۆ ئەم پێشکەوتنە خۆشکردووە، بەردەوام پێشکەوتن هەیە لە چاندنی ئەندامەکانی جەستە، رەنگە ئەمە وابکات بە تێپەڕینی تەمەن، مرۆڤ گەنجتر ببێتەوە، تەنانەت بشگاتە نەمری”؛ شی بە پوتن دەڵێت، “رەنگە ئەمە وابکات مرۆڤ بتوانێت 150 ساڵ بژی”.

هەرچەندە شی جینپینگ تاوەکو ئێستا وەک ڤلادیمێر پوتن خواستی خۆی بۆ مانەوە لە دەسەڵات بۆ ماوەیەکی درێژ ئاشکرانەکردووە، بەڵام بەو گفتوگۆیەی لەگەڵ پوتن ئەنجامیدا، خواستی هەم بۆ مانەوە لە دەسەڵات و هەم بۆ تەمەنێکی درێژ، ئاشکرابوو؛ بۆیە پێناچێت شی تاوەکو ماوەیەکی درێژ، نیازی ئەوەی هەبێت جێگرەوە بۆ خۆی دەستنیشانبکات.

بەڵام شی لە ماوەی نمایشە سەربازییەکەدا، نەیتوانی نیشانەکانی پیری و سپیبوونی سەری بشارێتەوە، هەرچەندە سپیبوونی قژی شی، شتێکی دەگمەنە و پێشتر رووینەداوە سەرۆکەکانی چین قژیان سپی بووبێت و، هەموویان لە کاتی مردنیاندا، قژیان رەشی تەواو بووە؛ بەگشتییش سەرۆکەکانی پێشووی چین، تەمەنێکی زۆر ژیاون، داو شیاوپین 92 ساڵ ژیا، جێگرەوەکەشی جیانگ زێمین، لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڤلادیمێر پوتن ساڵی 2020 هەمواری دەستووری روسیای کردەوە و، رێگەی بەخۆیدا بتوانێت تاوەکو ساڵی 2036 لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئازەربایجان: بەڵگەمان لایە سەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕیزەکانی سوپای ئەرمینیادا هەن

سەرۆکی ئازەربایجان ئاشكرایدەكات، بەڵگەیان لەبەردەستدایە کە سەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕیزەکانی سوپای ئەرمینیادان لە ڕوبەڕوبوونەوەکانی ناگۆرنی قەرەباغ. ئیلهام…
Total
0
Share