ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی رووداوەکانی لالەزارەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، راگەیەندراوێکی لەبارەی پرسی مووچە، رووداوەکانی لالەزار و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە سەرەتادا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (دروودی خودای لەسەربێت) لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان کرد و هیوای خواست ئەم یادە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئاشتی و ئارامی بۆ هەمووان.

پاشان لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی دەربڕی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کەس؛ مەسرور بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها دووپاتیکردەوە کە پێویستە کێشە و ناکۆکییەکان لە رێگەی یاسا چارەسەربکرێن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیران داوای لە جێگری سەرۆک وەزیران کرد، روونکردنەوە لەبارەی رووداوەکان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بخاتەڕوو و قوباد تاڵەبانی، بەم جۆرە باسی ئەو رووداوانەی کردووە:

هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەی گەورە دروستبکرێت و پیلان هەبوو بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوار کاتی جیاوازدا، هەر بۆیە ئەوەی کە کرا، پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە ئاژاوەگێڕییە و چەسپاندنی یاسا بووە و ئێستاش رێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە.

دواتر رێڕەوی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، دەربارەی دۆسیەی پۆلێن و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و، دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و لێکتێگەیشتن و کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەریەک لە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە هەردوو بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، وەفدی دانوستانکاری راسپارد کە لە کۆبوونەوەکانی سبەینێیان، کە وا بڕیارە لە بەغداد لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی ئەنجامبدرێت، بەردەوامبن لە هەوڵەکانیان و پەلەبکەن لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو لە پێناوی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، بەتایبەتیش کە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای سۆمۆ، کۆنووسی هاوبەشی پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیان واژووکردووە و، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، بە زیادەوە کارئاسانیی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان و، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ گەیشتنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم.

سەبارەت بە بابەتی هاوبەشی پێکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەوەی، “ئەم بابەتە، بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی و یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ رێکخراوە کە دادگای فیدراڵییش جەختی لێکردووەتەوە”، داوایشی کرد، لە چوارچێوەی ئەم دوو یاسایە، بابەتی داهاتی نانەوتییش چارەسەربکرێت، هەروەک لە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش جەختی لەسەرکراوەتەوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، تاوەکو چیتر ئەم دوو بابەتە وەکو پاساو و بیانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنرێت، کە ئێستا لە مانگی ئەیلولین، کەچی تازە مووچەخۆران مووچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ دەنێردرێت کە پێویست بوو مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تێکەڵی ناکۆکيیەکانی نێوان هەردوو حکومەت نەکرێت هەروەک بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش جەختی لێکردووەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share