قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، دەستگیرکراوانی رووداوەکانی ئەمدواییە، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان پارێزراو دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ محەمەد ئەلحەسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له عێراق کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی دواین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستیی سەروەری یاسا و رێزگرتن لە دامەزراوەکان کرد و رایگەیاند، “ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە سلێمانی روویدا لە درێژەی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشدا بووە”.
وتیشی، “وەک چۆن سلێمانی هەمیشە بە شاری ئازادی کاری سیاسی و ئازادی رادەربڕین لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا ناسراوە، لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەر وەک شاری ئازادییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رێگە بە دروستبوون و جموجوڵی میلیشیا و هێزی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت”.
سەبارەت بە دەستگیرکراوانی رووداوەکانی ئەم دواییە، قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، “بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە مافە یاساییەکانیان پارێزراو دەبێت”.