وەزارەتی کارەبای هەرێم بڵاویکردەوە، بە ئامانجی دیارکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا، تاقیکردنەوەی فشار لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “هەڵدەستین بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ئامانجیش لەم تاقیکردنەوەیە دیاریکردنی کێشە، گیروگرفت و خاڵە لاوازەکانی سەر تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبایە”.
ئاماژەی بەوەشدا، “پڕۆسەکە رێککارێکی رۆتینییە و لە سەرەتای مانگی ئەیلول لە پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات، بۆ هەر پارێزگایەک دوو رۆژی تاقیکردنەوە دیاریکراوە و هاوڵاتییان ئاگاداردەکرێنەوە لە ئەگەری پچڕانی نەخوازراوی کارەبا”.