وەزارەتی تەندروستی: 72 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەمساڵدا 72 حاڵەتی نوێی ئایدز تۆماركراوە كە بەشی زۆریان هاوڵاتی بیانی و دەرەوەی هەرێم بوون.

وەزارەتی تەندروستی بەبۆنەی 1ی دیسەمبەر (رۆژی جیهانیی ئایدز) لەژێر دروشمی “با کۆمەڵگاکان پێشڕەوی بکەن” رایگەیاند، رۆژی جیهانیی ئایدز دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتییە بۆ تووشبووانی نەخۆشییەكە.

دەشڵێت، لە جیهاندا نزیکەی 40 ملیۆن مرۆڤ ڤایرۆسی کەمی بەرگریی لەش (ئایدز) HIV یان هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس دەمرن و نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک تووشبووی نوێ دەبنە قوربانی.

“هەرچەندە تائێستا ئایدز چارەسەری بنبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژەڤایرۆسی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی نەخۆشیەکە تاڕادەیەک بکەن و دەرفەت بە تووشبوو بدەن ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بژیت ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکیی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان تووشبووی ئایدزی رزگارکرد، بەجۆرێک بەکارهێنانی دەرمان رێژەی مردنی 56% كەمكردۆتەوە، هەروەها هۆکاری کەمبوونەوەی لە 40%ی تووشبووی نوێیە”، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش وەزارەتی تەندروستی روونیدەكاتەوە، لە 10 مانگی رابردووی ئەمساڵدا نزیكەی 598 هەزار پشكنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا تەنها 72 حاڵەتی نوێ دەستنیشانكراوە، كە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتیانی بیانی و هاوڵاتیی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.

ئایدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسی درمە واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكە دەگوازرێتەوە بەهۆی رێگاکانی خوێن یان سێکس یان دایک بۆ کۆرپە یان هەر بەرکەوتەیەکی راستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی دیکەی تووشبوو.

بابەتی پێشتر

واتسئەپ تایبەتمەندیی شاردنەوەی گفتوگۆی تایبەت زیاددەكات

بابەتی دواتر

بلینكن داوای پاراستنی ئەمریكییەكان لە سودانی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share