وردەکاریی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و سەرکردەکانی ئەوروپا

شەوی رابردوو چاوەکان لەسەر کۆشکی سپیی ئەمریکا بوون، لەلایەک ترەمپ لەگەڵ ڤۆلۆدمێر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبووەوە لەلایەک لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا.

کۆبوونەوەکانی شەوی رابردووی کۆشکی سپی لەپێناو راگرتنی جەنگدا بوون لە ئۆکرانیا کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامیی هەیە.

شەوی رابردوو بە کاتی عێراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی کۆبووەوە، جیاواز لە کۆبوونەوەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵیان کە بە گرژی و ئاڵۆزی کۆتاییهات،
بە شێوەیەکی کراوە و بە رووخۆشییەوە وەڵامی یەکتر و رۆژنامەنووسانیشیان دایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا زلێنسکی ویستی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگ و کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا دەربڕی.

هاتنەکەی زلێنسکی بۆ کۆشکی سپی بەتەنها نەبوو، بەڵکو سەرکردەی هەریەکە لە وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فینلاند و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا و سکرتێری گشتیی ناتۆ یاوەرییان کرد.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەوروپا و ترەمپ لە کۆشکی سپی دەستیپێکرد.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، “ئەگەر ئەم هەوڵی ئاشتییە شکستبهێنێت، پێویستە سزاکانی سەر رووسیا قورسبکرێن”.

لای خۆیەوە مارک روتە ئەمینداری گشتیی ناتۆ دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، “کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بوو”.

فريدريش مێرتس راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، “هەر شەوی رابردوو ترەمپ لەگەڵ پوتن بە تەلەفۆن قسەیکردووە و رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆبوونەوەی لوتکەی سێ قۆڵی لەنێوان ئەمریکا و روسیا و ئۆکرانیا ئەنجامبدرێت”.

جەختیشیکردەوە، ئەنجامی کۆبوونەوەکە لە سەروو پێشبینییەکانیانەوە بووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share