سودانی بۆ ماکرۆن: ئەگەر سەرهەڵدانی جەنگێکی گەورە لەئارادایە

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سەرۆکی فەڕەنسای راگەیاند، ئەگەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لەم ئاستەدا بێت، ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی گەورە لەئارادایە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆنەوە پێگەیشتووە و لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی و بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانیان کردووەتەوە.

هەروەها گفتوگۆی ئەوە کراوە، کە چۆن هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکانی دیکەدا زیاتر پەرەیانپێبدرێت و، گفتوگۆی پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش کراوە.

نووسینگەکە ئاماژەی بەوەشکرد، سودانی بە ماکرۆنی وتووە، حکومەتی عێراق هەوڵی ئەنجامدانی کۆنفرانسێک دەدات، تێیدا پرس و دۆسییە هەرێمییەکان بەرباس دەخرێن و بەدوای رێگەچارەدا دەگەڕێن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، عێراق ئامادەیە کار لەگەڵ فەڕەنسا و هاوپەیمانەکانی دیکەیدا بکات، کە لەنێوان ئێران و ئەمریکا هەماهەنگ و ناوبژیکەر بێت، تاوەکو رێگری لە هەر گرژییەکی دیکە بکرێت لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

سودانی وتووشیەتی: “عێراق لە رێگەی دیالۆگەوە، هەر هەنگاوێکی پێویست دەگرێتەبەر تاوەکو رێگری لە هەر جەنگ و گرژییەک بکات لە ناوچەکەدا”، هەروەها هۆشداریشداوە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا ئەگەر پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئێران بەم شێوە “خراپە” بمێنێتەوە.

لای خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، هەوڵەکانی عێراقی بۆ بەرقەراکردنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بەرزنرخاندووە و جەختی لەوەکردووەتەوە، فەڕەنسا پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ عێراق هەیە و، هەمیشە هەوڵی هێشتنەوەی ئەو پەیوەندییە دەدات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كۆبوونەوەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدرا

چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە. سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكیان لە ماڵی حەیدەر عەبادی،…
Total
0
Share