پەیمانگایەکی توێژینەوەی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی پەسەندبکات، رووبەڕووی سزای ئەمریکا دەبێتەوە.
پەیمانگای واشنتن بۆ توێژینەوە لە رۆژهەڵاتی نزیک لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوەکردووە، ئەگەر سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای حەشدی شەعبی پەسەندبکات، واشنتن حەوت رێکاری سزای بەغداد دەدات.
ئەوەشخراوەتەڕوو، “بەهێزکردنی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لەناو عێراق و، دروستکردنی چەتری یاسایی بۆیان، لێدانی راستەوخۆیە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بۆیە دەبێت واشنتن، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو هاوپەیمانانەی کە لە ناوچەکەدا بەهۆی گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی زیانمەندبوون، هەنگاوی کردەیی دژی تێپەڕاندنی ئەم یاسایە بگرێتەبەر”.
جێی ئاماژە بۆ کردنە، پرۆژەیاسای نوێی حەشدی شەعبی لە 18 ماددەی سەرەکی پێکهاتووە و، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی کۆتایی ماوە؛ لە ئەگەری پەسەندکردنیدا، دەبێتە چەتری کۆکەرەوەی 70 گرووپی چەکداریی جیاواز کە لەناو حەشدی شەعبیدان.
ئەو سزایانەی ئەمریکا، کە لە ئەگەری پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران، رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە:
1- کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
2- ئەمریکا ناوی ئەو لایەنانە ئاشکرادەکات کە هەستاون بە هێرشکردنەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە، (ئەوەش بە واتای ئەوە دێت، کە ئەمریکا پێیوایە چەند گرووپێکی ناو حەشدی شەعبی لەم بابەتە تێوەگلاون).
3- بانگهێشنەکردنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن.
4- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەداتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە خواستی ئەوەیان هەیە لە عێراق کاربکەن.
5- گەورەکردنی مەترسییەکانی یاساکە لەسەر ئاستی هەرێمی.
6- لێپرسینەوە لە حزبە سیاسییەکان، (ئەو لایەنانەی دەنگ بە پرۆژە یاساکە دەدەن).
7- ناساندنی عێراق وەک دەوڵەتێک کە پاڵپشتیی تیرۆر دەکات.