وەزارەتی پلاندانانی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەو راپۆرتەی ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەبارەت بە ئامارەکانی هەژاری بڵاوکراوەتەوە، ئاگاداری نەبووین.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە شاری بەغداد ئەنجامدا، تیایدا راپۆرتی (هەژاری فرە ڕەهەند MPI) راگەیاند کە بە هاوکاریی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) ئامادە کرابوو، لێرەوە ڕایدەگەیەنین، ئەم راپۆرتە بێئاگاداری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری هەرێم رێکخراوە کە دەبوایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم راپۆرتەو وردەکارییەکانی بکرایە تا راو بۆچوونی حکومەتی هەرێم تیایدا جێگیر بکرابا، جگەلەوەش پێویست بوو کە دوارەشنووس بە دەستمان بگات تاکو پێش وەخت ئەنجامەکانی پەسەندبکەین و ئامادە بین لە رێوڕەسمی راگەیاندنی و دواتر سوود لە ئەنجامەکانی وەربگرین.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەکانی ئاماژەپێکراو لە راپۆرتەکەدا پشتیبەستووە بە داتاکانی دوا ڕووپێوی (ئابووری وکۆمەڵایەتی خێزان) (2023-2024) و لە (26-2-2025) ئەنجامەکانی راگەیەندرا و بە مەنهەجیەتی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی کاری لەسەر کراوە کە لە ساڵانی پێشتر پێکەوە لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق راهێنان کرابوو بۆ بەکارهێنانی نیشاندەرەکانی تاکو نەک تەنها هەژاری ماددی بنەمای پلان و ستراتیجەکان بێت.
ئاشکراشیکرد، بە پێی ئەنجامەکانی رووپێوی ئاماژەپێکراو هەژاری لە عێراق 19.3% و لە هەرێم %8.6ە، دەبوو رێبەری هەژاری فرە رەهەند دروستبکرێت بۆ پەنجەدانان لەسەر جۆرەکانی دیکەی هەژاری لە کۆمەڵگەدا.