بافڵ تاڵەبانی پەیامێك ئاڕاستەی كاكەییەكان دەكات

بەبۆنەی جەژنی سێ شەوەی یارانی قەوڵتاس-ـەوە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی كاكەییەكان كرد.

لە پەیامەكەیدا بافڵ تاڵەبانی، کاکەییەكان بە “پێکھاتەیەکی رەسەن و گرنگی گەلەکەمان” ناوزەد دەكات و دەڵێت، “رۆڵی ئێوە لە مێژووی قوربانیدان و خەباتی گەلەکەماندا لەبیرناکەین و ھەمیشە بە ڕێزەوە لە پێگە و تایبەتمەندیی ئایینەکەتان دەڕوانین.”

هاوسەرۆكی یەكێتی جەختیشدەكاتەوە كە “پاراستنی مافە ئایینی و نەتەوەییەکانی كاكەییەكان” ئەركی لەپێشینەیان دەبێت.

“جەژنی سێ شەوە” جەژنێكی سەرەكیی پەیڕەوكارانی ئایینی یارسان-ـە، دوای سێ ڕۆژ بەڕۆژبوون لەم کاتەی ساڵدا، یار و كاكەییەكان دەیكەن بە جەژن.

دەقی پەیامەكە:-

خوشک و برایانی کاکەیی

‏‎بەبۆنەی جەژنی سێ شەوەی یارانی قەوڵتاس پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەم، هیوادارم ئەم بۆنە تایبەتە وەک هەمیشە لە کەشێکی خۆش و ئارامدا بەسەرببەن و ببێتە مایەی ئارامی و زیاتر قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.

‏‎خوشک و برایانی کاکەیی پێکھاتەیەکی رەسەن و گرنگی گەلەکەمانن، رۆڵی ئێوە لە مێژووی قوربانیدان و خەباتی گەلەکەماندا لەبیرناکەین و ھەمیشە بەڕێزەوە لە پێگە و تایبەتمەندی ئایینەکەتان دەڕوانین.

لەم بۆنەیەدا وەک سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە پاراستنی ئەو پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردنە دەکەینەوە کە هەرێمەکەمانی پێدەناسرێتەوە، ئەرکی لەپێشینەشمان پاراستنی مافە ئایینی و نەتەوەییەکانتان دەبێت.

جەژنتان پیرۆز و هەر لە کامەرانیدابن.

بافڵ تاڵەبانی

ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی ئەو وڵاتانە كۆرۆنای گۆڕاوی تیادەركەوتووە ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

ئیدارەكەی بایدن لەڕێی فڕۆكەی بی 52ەوە پەیامی خۆی گەیاندە ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share