وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم رایدەگەیەنێت، دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان، وەزارەتەکە بەشێوەکی رەسمی یەکەکانی نیشتەجێبوون دابەشدەکات و ناوی سوودمەندبووان رادەگەیەنێت.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە 24ـی 7ـی 2025، لە رێوڕەسمێکدا لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ناوی سوودمەندبووان رادەگەیەندرێت و بە رەسمی بانگهێشتدەکرێن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون، کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە چوارچێوەی یاسای نیشتەجێبووندا بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتانی دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکیان لە قۆناغی کۆتاییدان و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە، هاوکات بە بڕیاری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەرجەمیان دابەشدەکرێن بەوانەی لەئێستاشدا تەواونەکراون، بۆ ئەوەی خێزانی سوودمەندبوو دڵنیابێت لەوەی یەکەیەک کراوە بە ناویەوە و هەرکات تەواوکرا، تیایدا نیشتەجێدەبێت.
ئەوەش هاتووە، “لە رابردوودا زیاتر لە 25 هەزار خێزان فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونیان بەشێوەی ئۆنلاین پڕکردبووەوە، دواتر پرۆسەی وردبینی و جیاکردنەوەی ناوەکان بە خاڵبەندی و بەشێوەیەکی شەفاف لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند و بە ئامادەبوونی نوێنەری کرێنشینان ئەنجامدرا، یەکەکان بە قیستی درێژخایەن و بەبێ پێشەکی دەدرێت بە خێزانەکان و بە قیستی مانگانە و بە ماوەی 25 ساڵ، پارەی یەکەکە دەداتەوە”.