‎پۆلیسی هەولێر لەبارەی کوژرانی “جوانڕۆی باڵەبان”ەوە ڕوونکردنەوە دەدات

پۆلیسی هەولێر لەبارەی کوژرانی هونەرمەندێکی میلی کە کارمەندێکی وەزارەتی پێشمەرگەشە ڕایگەیاند، “کاتژمێر 5ی بەیانی تەرمی هاوڵاتییەک لە گوندی (پەلکە ڕەش) لە ناحیەی دێگەڵە دۆزراوەتەوە”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێت، ” ئەمڕۆ، کاتژمێر 5 ی بەرەبەیان تەرمی هاوڵاتیەک بەناوی (جوانڕۆ کەریم)، تەمەن (44) ساڵ، لە گوندی (پەلکە ڕەش) سەر بە ناحیەی (دێگەڵە) دۆزرایەوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کاتژمێر 5ی بەرەبەیان گەیشتنە شوێنی مەبەست، لەلێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کەوا ناوبراو پێشمەرگە بووە لە وەزارەتی پێشمەرگە. لەئێستادا پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە بۆ گەیشتن بە هۆکاری ڕاستی و ڕوونی ڕووداوەکە، لە ئایندەیەکی نزیکدا زانیاری زیاتر دەخەینە ڕوو”.

هاوکات سەندیکای هونەرمەندان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “دڵگران و خەمبارین بۆ بیستنی ھەواڵی کوشتنی ھونەرمەند (جوانڕۆی باڵەبان) ئەندامی لقی سلێمانیی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان و کۆمەڵەی ھونەری میللیی کوردستان و تیپی جوقی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەکەیان و ھاوڕێیانی و ھونەرمەندان دەکەین و داواکارین لەلایەنە ئەمنییەکان و وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە قێزەونە بەسزای یاسا بگەیەنن”.

بابەتی پێشتر

لە هەرێم 622 توشبووی دیكەی كۆرۆنا تۆماركرا

بابەتی دواتر

ئەرجەنتین 1-0 پاراگوای

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share