دوای سێ ساڵ لە کارکردن تێیدا نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ کۆتاییهات و ئەمڕۆ کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە شاری موسڵ لە رێورەسمێکدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ کرایەوە.
فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 2014 و لەدوای هێرشەکان بۆ سەر شارەکە لەکارکردن وەستا، دواتر و لە ساڵی 2017 توانرا کۆنتڕۆڵبکرێتەوە، بەڵام بەهۆی بێکەڵکبوونی زۆرێک لە ئامێر و کەلوپەلەکانی و خاپووربوونی بەشێک لە بیناکەی نەتوانرا بکرێتەوە.
لە ساڵی 2022 وەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە کرا، هەرچەندە ماوەی زیاتر لە مانگێکە کارەکانی پرۆژەکە تەواوبووە، بەڵام کردنەوەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
لە رابردوودا فڕۆکەخانەکە بۆ گەشتە ناوخۆییەکان بەکاردەهات، بەڵام بڕیارە لە ئەمڕۆوە گەشتی نێودەوڵەتی تێدا ئەنجامبدرێت.