وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە و وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم دەڵێت، وەفدەكە سەرجەم داتا و ئامارە پێویستەكانی لەبارەی بەشە بودجە و داهات و خەرجییەكانی هەرێم خستەڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی كانونی دووەم قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم، لەگەڵ حەسەن كەعبی، و بەشیر حەداد، جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیران وتی، لە كۆبوونەوەكەدا كە ئاڵا تاڵەبانی و ڤیان سەبری، سەرۆکانی هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی ئامادەی بوون، گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021.
لەلای خۆیەوە حەسەن كەعبی ستایشی سەردانەكانی قوباد تاڵەبانی و وەفدی دانوستانکاری كرد بۆ بەغداد لەپێناو نزیككردنەوەی دید و تێڕوانینەكان، وەك ئەوەی سەمیر هەورامی ئاماژەی پێدا.
وتیشی، “وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق سەرجەم داتا و ئامارە پێویستەكانی لەبارەی بەشە بودجە و داهات و خەرجییەكانی هەرێم بەشێوەیەکی شەفاف خستەڕوو”.
ئێوارەی دووشەممە 25ی كانونی دووەم شاندی حكومەتی ھەرێم كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا.