شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، رەشەبا کۆتاییدێت، بای شەماڵ هەڵدەکاتەوە و گەرمای بەتینیش بۆ چەند رۆژێک دەکشێتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی پێشبینیدەکات، دواینیوەڕۆی سبەی سێشەممە بەولاوە، بای باکووری رۆژهەڵات کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لەسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێم چالاکە، کۆتایی پێبێت و ئاراستەی با دەگۆڕێتەوە بۆ رۆژئاوا.
دەشڵێت، سبەی سێشەمە، بای شەماڵ لە دواینیوەڕۆ بەولاوە چالاکی دەستپێدەکاتەوە و سەرەتاش، لە ناوچەکانی رۆژئاواوە دەبێت، رۆژانی دواتریش، لە هەموو ناوچەکان چالاکدەبێتەوە بەخێرایی 15 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئاماژە بەوەشدەدات، ئەو گەرما بەتین و تاقەتپڕوکێنەی چەندرۆژێکە ناوچەکانی گرتووەتەوە، سبەی کاریگەرییەکەی کەمدەبێتەوە و بەهۆی هەڵکردنی بارستەهەوایەکی لاوازی فێنکی دەریای ناوەڕاست، لە سبەی سێشەممەوە تاوەکو هەفتەی داهاتوو، پلەی گەرمی بە رێژەی 2 تا 4 پلەی سیلیزی دادەبەزێت، هەروەها لە ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتووش (بەتایبەتی سێشەممە و چوارشەممە)، ئەگەری رێژنەبارانی لابەلا هەیە لەگەڵ روودانی هەورەبرووسکە لە هەندێک ناوچەدا.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەوەشیخستووەتەڕوو، “بەهۆی گۆڕانی ئاراستەی با بۆ رۆژئاوا، لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەری خۆڵبارینی سووک بۆ مام ناوەند هەیه لەسەر ناوچەکان”.