سەرۆکایەتیی کۆمار: چەکدانان هەنگاوێکی مێژوویی گرنگە

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، پێشوازی لە چەکدانان دەکات و بە “هەنگاوێکی مێژوویی گرنگ” وەسفیدەکات.

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، “پێشوازی لە راگەیاندنی رادەستکردنی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین. ئەمە هەنگاوێکی مێژوویی گرنگە کە زەمینە سازدەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ چەکداری و پێشێلکارییە ئەمنییانەی کە دەیان ساڵە بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە”.

دەشڵێت، ئەم هەنگاوە دەرگا بەڕووی ئاسۆی داهاتوودا دەکاتەوە و دەرفەتی بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، زیاددەکات.

هاوکات سەرۆکایەتیی کۆمار داوای پابەندبوونی تەواو بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دەکات و دەڵێت، پشتیوانی لە مافە رەواکانی هەموو لایەنەکان دەکەین.

دووپاتیشی دەکاتەوە، “ئەم هەنگاوە فاکتەرێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا و رێگە خۆش دەکات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر بۆ سەروەری و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتیی هەردوو گەلی دۆست”.

سەرۆکایەتییەکە باسلەوەشدەکات، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە تا کۆتا قۆناغ رادەگەیەنێت و بە هەموو شێوەیەک بەشداری دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان، کە بریتین لە هەڵدانەوەی لاپەڕە بەسەر رابردووی پڕ لە ئازار و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بەرژەوەندیی هەمووان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share