تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا، بژاردەیەک دەخاتە بەردەستی (هـ.ـەسـ.ـەدە) و دەڵێت، “لە نێوان سووریبوون و کوردبوون، خۆتان یەکلاییبکەنەوە”.
تۆماس باراک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ئێمە ئەوپەڕی ڕێزمان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە، بەڵام دەبێت لۆجیکییانە بیربکەینەوە. ئێمە مەرجەکانی خۆمان ناسەپێنین، بەڵام لە هەمان کاتدا، پشتیوانیی هیچ پڕۆژەیەکی جوداخوازانەش لە سووریا ناکەین.
لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە ئەوەشی وت، “ئێمە بۆ هەمیشە وەک خانەخوێی ئەوان نامێنینەوە و بڕیاربدەن، کە ئایا ئەوان سووریین یان کورد؟ ئەوە پرسی ئەوانە”.
نێردەی ترەمپ بۆ سووریا بە ناڕاستەوخۆ، دروستکردنی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی جیاواز بۆ کورد، عەلەوی، یان دروزی لە سووریا رەتکردەوە و وتی، “سووریا بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و دەوڵەتی لێ جیانابێتەوە”.
باراک دووپاتیشی کردەوە، ئەمریکا بە وردی چاودێریی راگەیاندنی رادەستکردنی چەک، لەلایەن چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات لە هەرێمی کوردستان و دووپاتیکردەوە، “ئەمە دەبێتە هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەری درێژخایەنی پرسی کورد لە تورکیا”.