راوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، ئێران خاوەنی توانایەکی بێوێنەیە لەڕووی سیستمی بەرگری و مووشەکییەوە و دەشڵێت، هێشتا زۆرینەیمان دەرنەخستووە.
ئیبراهیم جبوری، راوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند، “ئەو کۆگا، سیستمی بەرگری و توانا ژێرزەمینییانەی هەمانە، زۆر بەرفراوانن و هێشتا زۆرینەیشیمان دەرنەخستووە”.
جەختی لەوەش کردەوە، ئێران ئامادەیە بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک و لە ئەگەری روودانی شەڕ لەنێوان ئێمە و ئیسرائیل، یان ئەمریکادا، تواناکانمان کەمنابنەوە.
سەرەڕای ئەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لە 25ـی حوزەیرانی 2025 کۆتاییهات و ئاگربەست راگەیەندرا، بەڵام بە وتەی شارەزایان، لە ئەگەری شکاندنی ئاگربەست، یاخود شکستهێنانی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ، کراوە دەبێت.