عیماد ئەحمەد: یەكێتی لە بەرامبەر پێشهات و ئاڵنگارییەكانی ناوچەكە سیاسەت و ستراتیژی نیشتمانی و واقیعییانە پەیڕەودەكات”

عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری رایگەیاند، یەكێتی لە بەرامبەر پێشهات و ئاڵنگارییەكانی ناوچەكە، سیاسەت و ستراتیژی نیشتمانیی و واقیعیانە پەیڕەودەكات و هەموو هەوڵەكانیشمان لە چوارچێوەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشە و قەیرانەكاندایە، تەئكیدی لەوەشكردەوە كە هەرگیز نەبووینە و ناشبینە هۆی ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە بەڵكو یارمەتیدەر و پشتیوانی بەرقەراركردن و پاراستنی سەقامگیری دەبین، بەگەرمیش پێشوازی لە بڕیاری وەستانی شەڕ و ئاگربەست دەكەین و بە هەنگاوێكی باشی دەزانین بۆ پاراستنی ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگریكردن لە گرژییەكانی سنوورەكە.

عیماد ئەحمەد لەبارەی پەرەسەندنەكان و هەوڵەكان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا روونكردنەوەی پێویستیدا و دووپاتی لە پابەندبوون بە چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان كردەوە وەك سیاسەتێكی جێگیری یەكێتی و راشیگەیاند، تاكە بژاردە لەم هەلومەرجەدا بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەكان، وەك كوردیش دەبێت ماڵی خۆمان رێكبخەینەوە و پێكەوە مافەكانمان بپارێزین و نەهێڵین لەژێر هیچ پاساوێكدا خەڵكەكەمان بكرێنە قوربانی كە بۆ ئەوەش یەكێتی وەك هەمیشە دەستپێشخەر و پاڵپشت و هاوكار دەبێت بۆ كۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوە، بە تایبەت لەگەڵ بەغداد تا لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان و دۆستەكانمان هەموو ئەو پرسانەی ناكۆكییان لەسەرە چارەسەربكەین بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ئامانجە باڵاكانی.

سەبارەت بە ئەركی میدیاییش لەم قۆناغەدا، عیماد ئەحمەد تەئكیدی لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی سەنگینی هاوسەنگ لەسەر بنەماكانی ئیتیك و پیشەی راگەیاندن كردەوە و راگەیاندنكارانی یەكێتی راسپارد وەك هەمیشە رۆڵی نیشتمانی و میدیایی خۆیان بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بگێڕن بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی یەكگوتاری و وتیشی، نابێت میدیای یەكێتی بەشێك بێت لە كێشەكان، بەڵكو وەك هەمیشە دەبێت رۆڵی سەرەكیی هەبێت لە چارەسەر و گەیاندنی دەنگی خەڵك و لەسەر هەمان سیاسەتی راست و دروستی یەكێتی پەیامە میدیاییەكان بگەیەنن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share