حکومەتی هەرێم: ماوەی 11 ساڵە بەغداد مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ماوەی 11 ساڵە حكومەتی فیدراڵی، بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە و لە بەرامبەردا، هەموو مانگێك بیانووی جۆراوجۆری بۆ ناردنی مووچە دروستكردووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە چەند ساڵی رابردوودا، حكومەتی فیدراڵیی عێراق، لەسەر ئاستە سیاسی، ئابوری و داراییەكان، گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و فشاری بەردەوامی بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كردووە”.

دەشڵێت، “لەگەڵ ئەوەی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، فاكتەری ئارامی و گەشەی ناوچەكەیە و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، رۆڵی لە گێڕانەوەی سەقامگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بینیوە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی، لە جیاتی هاوبەشی و رێككەوتن، هەموو ئامرازێكی بۆ سزادانی هەرێم خستووەتەگەڕ”.

حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوەشدەکات، “بۆ ماوەی 11 ساڵە حكومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرامبەردا هەموو مانگێك بیانووی جۆراوجۆری بۆ ناردنی مووچە دروستكردووە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرجبکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە”.

ئەوەش هاتووە، “حكومەتی هەرێم هەموو مانگێك بیانووەكانی بەغدادی بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەركردووە، بۆ ئەمەش، سیستمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێكرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدراڵ، دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست و لەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک راگرت. بەڵام حكومەتی فیدراڵی، هەموو مانگێك مووچەی مووچەخۆرانی دواخستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێم نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە، بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق”.

باسلەوەشدەکات، “لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێت، لەكاتێكدا لە 13 ملیار دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ملیار دینار نێردراوە”.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بەغداد لە رێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە، لە 25ـی ئازاری 2023، ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت، كە بەهۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەركەوتووە. حکومەتی هەرێم لە 4ـی نیسانی 2023، لەگەڵ عێراق رێکكەوتنی واژووکرد کە نەوتی هەرێم لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت. هەرێم 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرجنەكردووە. جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی رادەستكردووە، بەڵام بەغداد بۆ ماوەی 11 ساڵە، بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025. ئەمە جگە لەوەی بەغداد، هیچ قەرەبوویەكی خەڵكی كیمیابارانكراو، جینۆسایدكراو و ئەنفالكراوی كوردستانی نەكردووەتەوە، كە ماددەی 132ـی دەستوور، ئاماژەی پێداوە”.

حکومەتی هەرێم ئەوەشیخستووەتەڕوو، “عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروستدەكات، تاكو نەتوانێت ئابورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابینبكات. لە كاتێكدا مادده‌ی 111 و 112ـی ده‌ستووری عێراق، مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ كوردستان دەستەبەردەكات، هەرێم هەموو ئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێم و كۆمپانیاكان بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین. بەڵام حكومەتی عێراق ئاستەنگیی نوێ لەبەردەم پرۆسەكە دروستدەكات، تاكو هەرێم لە رووی ئابورییەوە لاوازبکات و توانای خۆبژێویی نەبێت، وەک لە سەرەتای 2014ـەوە روویداوە”.

“سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاساوەكانی بەغدادی لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و كاركردن بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نیشانداوە، بەڵام سزادان و گەمارۆكانی بەغداد بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەردەوامن و نیازی حكومەتی فیدراڵی لە دژایەتیی قووڵی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە روونبووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی توندی حزبەكانی كوردستان، عێراق، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق، سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێكەوتووەتەوە”، لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین هه‌موو لايه‌ك پابه‌ندى یاسای بودجە بن

پاش پەسەندكردنی بودجەی عێراق، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە، “په‌سه‌ندكردنى بودجە دەتوانێت سەرەتایەكی باش و هاندەرى چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی هەرێمی…
Total
0
Share