بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی پلان و ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێی خوێندنی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، پاس و تاکسیی گواستنەوەی خوێندکاران نابێت لە نزیک ناوەندەکانی خوێندن تیژڕەویی بکەن.
موقەدەم بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کارمەند و مەفرەزەکانیان لە بەیانیاندا لەسەر شەقامەکان و نزیک ناوەندەکانی خوێندن جێگیردەکرێن بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ.
وتیشی، لێپێچینەوە لە شۆفێرانی تیژڕەو و ئەو پاس و تاکسییانە دەکرێت کە خوێندکاری زیاد لە ڕادەی ڕێگەپێدراو سەردەخەن و دەگوازنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هاتوچۆی بارهەڵگر لە بەیانیاندا لە سەنتەری شاردا قەدەغەیە، هەر شۆفێرێکیش سەرپێچیی ڕێنماییەکان بکات، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئامێری PDA و سزاکەیان بە کورتەنامە بۆ دەچێتەوە.