بڕیارە ئەمڕۆ، دووەم خولی دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لە لەندەن دەستپێبکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و چین، لە دووەم خولی دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە لەندەن کۆدەبنەوە و باس لە سنووردارکردنی هەناردەکردن و باجەکان دەکرێت.
وەفدەکەی ئەمریکا پێکدێت لە سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینە، هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی و جەیمسۆن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا، هەرچی وەفدەکەی چین-یشە، لەلایەن هی لیفنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت بە ئامادەبوونی چەند بەرپرسێکی باڵای بازرگانیی وڵاتەکە.
خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و چین دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و چی جینپینگ، سەرۆکی چین پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
سیاسەتە گومرگییەکانی ئەم دواییەی ترەمپ بەرامبەر بەشێک لە وڵاتان و بەتایبەتیش چین، گۆڕانکاریی بەسەر بازاڕی جیهاندا هێناوە؛ بەپێی نوێترین داتای گومرگیی جیهانیی، مانگی رابردوو هەناردەی کاڵای چینی بۆ ئەمریکا بە رێژەی %34.5 دابەزیوە، کە ئەمەش گەورەترین دابەزینە لە دوای دەستپێکردنی پەتای کۆرۆناوە.