بانکی رافیدەین رایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ رۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا، زیاتر لە 38 هەزار و 914 خەڵاتی ئەلیکترۆنی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشکردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بانکی رافیدەین کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیاندا بۆ بەرەوپێشبردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی، لە ماوەی سێ رۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا، زیاتر لە 38 هەزار و 914 خەڵاتی هاندان بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “خەڵاتەکان پێشکەش بەو کەسانە کراوە، کە زۆرترین کارلێک و بەرکەوتەیان لەگەڵ کارتی ئەلیکترۆنیدا هەبووە، لە بوارەکانی پاشەکەوتکردن، بازاڕکردن و پارەدانی رۆژانە، ئەمەش بەمەبەستی پشتگیریکردن لە سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پرۆسەی دابەشکردنی خەڵاتەکان تائێستاش بەردەوامە و ئامانجیان ئەوەیە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەربەستی 50 هەزار سودمەند تێبپەڕێنن.
جێی ئاماژە بۆ کردنە، خەڵاتی ئەلیکترۆنی بریتییە لە پاداشتێک کە بەشێوەیەکی دیجیتاڵی پێشکەشدەکرێت، جا چ لە شێوەی خاڵ، کۆد، داشکاندن، یان تەنانەت پارەی کاش بێت، کە ئامانج لێی هاندانی بەکارهێنەران یان کڕیارەکانە، بۆ بەردەوامبوون لە بەشداریکردن لەگەڵ ئەو بانکە، یان ئەو خزمەتگوزارییەی پێشکەشی دەکات.