لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا چوارچێوەی هەماهەنگی جەختدەکاتەوە کە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەردەکات.
شەوی رابردوو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەماڵی عەممار حەکیم سەرکردەی رەوتی حیکمە لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغداد کۆبوونەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر کێشەیەکدا بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بێت.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی و هەوڵی لابردنی سەرجەم لەمپەڕەکان دەدات.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد جەختیانکردەوە، پێویستە یاسای نەوت و غاز بە زووترین کات لە ئەنجومەنی نوێنەران دەربچێت، چونکە کرۆکی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەخۆی دەگرێت.