پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت، چارەسەری مووچە و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، لەبری کۆبونەوەی حیزب و هەڕەشەی جەماعی، پێویستی بە حیکمەتی حکومڕانیە.
عەلى حەمەساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە نووسینێکدا رایگەیاند، چەندین مانگە هۆشداریدەدەن لە ئەگەری دروستبوونی ئەم دۆخە، گوێیان لێناگیرێت، 27 مانگە پرسیاری داهاتی نەوت دەکەن و کەس وەڵامیان ناداتەوە.
وتیشى، “چەندین ساڵە بە شاهێدی خەڵکی کوردستان داوای راگرتنی قاچاغی و تاڵانی زەوی دەکەین، بێ باکن و سەرانەی بازگەشیان هێنا!”.
سزادانی مووچەخۆران لەلایەن عێراقەوە زوڵمە، عێراق باش دەزانێت داهاتی نەوت و ناوخۆ لای فەرمانبەر نیە، بەڵام دێت سزای ئەوان دەدات، عەلى حەمەساڵح وادەڵێت.
هۆشدارییشدەدات، “چارەسەری مووچە و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، لە بری کۆبوونەوەی حیزب و هەڕەشەی جەماعی؛ پێویستی بە حیکمەتی حکومڕانیە، پێویستى بە چاکسازیی جدی لە نێوخۆ و رێککەوتنی سەنگینە لەگەڵ عێراق. لایەنە نێودەوڵەتیەکانیش پێیانوایە، بژاردەی ژیرانە گفتوگۆیە”.
عەلى حەمەساڵح، کە بەرپرسى یەکەمى رەوتى هەڵوێستى نیشتمانى-یشە، رەتیدەکاتەوە بەشدارى ئەو کۆبوونەوە بکەن کە بڕیارە سبەى لە پیرمام بەڕێوەبچێت و دەڵێت، “نابینە بەشێک لەو کۆبوونەوە حیزبیانە، لەبری حیزب، دەبێت دامەزراوەی شەرعی بەرپرسیاریەتی لەئەستۆبگرێت”.