هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پیرمام کۆدەبنەوە

رێگای سەرەكیی شارۆچكەی پیرمام لە هەولێر

لەسەر داواکارى پارتى بڕیارە سبەینێ لایەنە کوردستانییەکان لە هاوینەهەوارى پیرمام کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و ناوەند.

رێباز حەملان، بریکارى پێشووى وەزارەتى دارایى عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر داوا و پێشنیارى پارتییە و ئاراستەى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کراوە.

سەبارەت بە گرفتەکانى نێوان هەرێم و ناوەندیش رێباز حەملان وتى، “پێویستە کورد یەکدەنگ بێت، بابەتى حزبایەتى و ناکۆکى و ململانێى ناوخۆى خۆمان لە هەرێمى کوردستان وەلابنرێت”.

ئەوەى ئێستا شەڕى مافى دەستوورى و یاساییە کە وەک خەڵکى کوردستان هەمووان پێکەوەبین، بۆ ئەوەش پێویستە سەرجەم لایەنەکان بۆچوونى خۆیان پێشکەش بکەن، رێباز حەملان واى وت.

پەیوەندییەکانى نێوان بەغداد و هەولێر لە چەند رۆژى رابردوودا بارگرژى بەخۆیەوە بینى، پاش واژووکردنى گرێبەست لەنێوان هەرێم و دوو کۆمپانیاى ئەمریکیی بوارە وزە، هەروەها پاش راگەیەندراوێکى وەزارەتى دارایى عێراق دەربارەى نەناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share