فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ: ئازادی بۆ دەنگە ئازا و ئازادەکان

لە یاداشتێكدا فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ رایدەگەیەنن، ئەو تۆمەتەی بەهۆیەوە شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانیكردن سزادرا “هیچ بنەمایەکی راستی تێدانییە و ئەنجامنەدراوە” دەشڵێن، هەر قسە و هەڵوێستێک لەبارەی ئازادی ئەو رۆژنامەنووسە، هەوڵدانە بۆ داکۆکی لە ئازادی بە مانا فراوان و گشتییەکەی.

یاداشتەكە كە ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری هەرێم، کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان، یۆنامی، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رای گشتی كراوە تیایدا هاتووە، دوای چوار ساڵ زیندانیکردن، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، دادگای هەولێر جارێکی دی سزای چوار ساڵی دیکە زیندانی بە تۆمەتێک، کە تەواوی بەڵگەکان و شاهێدحاڵەکان دەیسەلمێنن هیچ بنەمایەکی راستی تێدانییە و ئەنجامنەدراوە، بەسەر رۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا سەپاند.

روو لە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمیش دەڵێن، هیوادارین لە یەکلاکردنەوەی کەیسی (شێروان شێروانی) لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییەدابن، کە بەشی هەرە گەورەی هاووڵاتییانی هەرێم، ئازادیخوازان، سەروەربوونی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پێش هەموو کەسێک لە ئێوەی دادوەران و دادگاکانی هەرێمی کوردستانی دەخوازێت، هەوڵبدەن دوور لە کاریگەری شەخسی، سیاسی و حیزبی، بە چاوی دادپەروەری و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادی ئینسان، بەر لە (شێروان شێروانی)، لە بەرژەوەندی ناوی پیرۆز و گەورەیی یاسا و پیشەی دادوەری، بە دۆسیەکەدا بچنەوە و مرۆڤبوون و سەروەری یاسا بکەنە تاکە پێوەری بڕیارەکانتان.

دەقی یاداشتەكە:

بۆ:
دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان
کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان، یۆنامی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
رای گشتی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان

دوای چوار ساڵ زیندانیکردن، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، دادگای هەولێر جارێکی دی سزای چوار ساڵی دیکە زیندانی بە تۆمەتێک، کە تەواوی بەڵگەکان و شاهێدحاڵەکان دەیسەلمێنن هیچ بنەمایەکی راستی تێدانییە و ئەنجامنەدراوە، بەسەر رۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا سەپاند.
بڕیار وایە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر وەک پلەی کۆتایی حوکمەکە، چاو بەدۆسیەکەدا بخشێنێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە وەربگرێت، بەر لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بە پێویستمانزانی وەک (فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ)، ئەم بەیاننامە و داواکارییە بخەینە بەرچاوی ئەو دەسەڵات و ناوەندانەی لەسەرەوە ناویان هێنراوە، بە ئامانجی ئەوەی لە رێی هەوڵدانی بەیەکەوەیی و دروستکردنی فشاری دەستەجەمعی، بتوانین کارێک بکەین، دادگا بە چاوی دادگەری و ویژدانی مرۆییانەوە، پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات و بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات.

دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان،
هیوادارین لە یەکلاکردنەوەی کەیسی (شێروان شێروانی) لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییەدابن، کە بەشی هەرە گەورەی هاووڵاتییانی هەرێم، ئازادیخوازان، سەروەربوونی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پێش هەموو کەسێک لە ئێوەی دادوەران و دادگاکانی هەرێمی کوردستانی دەخوازێت، هەوڵبدەن دوور لە کاریگەری شەخسی، سیاسی و حیزبی، بە چاوی دادپەروەری و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادی ئینسان، بەر لە (شێروان شێروانی)، لە بەرژەوەندی ناوی پیرۆز و گەورەیی یاسا و پیشەی دادوەری، بە دۆسیەکەدا بچنەوە و مرۆڤبوون و سەروەری یاسا بکەنە تاکە پێوەری بڕیارەکانتان.
ئەم دۆسیەیە، کە چاوی دونیا و ناوخۆی لەسەرە، دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی دیکە لەبەردەم ویژدان و ئەو سوێندەی کە خواردووتانە بۆ پاراستنی دادپەروەری، ڕێزگرتن و داکۆکی لە ماف و ئازادی هاوڵاتیان. هیوادەخوازین بە بڕیارێکی ئەرێنی و مرۆڤدۆستانە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بەو بێ متمانەیی و نائومێدییەی هاوڵاتیان دەستپێبکەن، کە لە بەرامبەر ئەو دامەزراوە یاساییە گرنگەدا بۆیان دروستبووە و، سەرەتایەکی تازەش بێت بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم.

کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان، یۆنامی و ڕرکخراوەکانی مافی مرۆڤ
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بەشێوازی جیاواز و کاریگەرتر، چالاکی و فشارەکانتان بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاربەدەستانی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری چڕتر بکەنەوە، هەم گفتوگۆ، هەم فشاری جددی لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمدا دروستبکەن، تا چیتر ئازادی رادەربڕین وەک تابوویەک تەماشانەکرێت و ئەو پەراوێزەش لە بوونی ئازادی، کە هەیە، بچووکتر و بەرتەسکتر نەکرێتەوە.
لێرەوە داواتان لێدەکەین لە ئاستی باڵادا ئامادەی بە دواداچوون، دانیشتن و گفتوگۆکانی بڕیاری کۆتایی پرۆسەی دادگایی رۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) بن و بە وردی چاودێری پرۆسەی جێبەجێکردنی دادپەروەری لە کەیسەکەدا بکەن. چاودێری و فشاری ئێوە بۆ ئێستا و داهاتووی ئازادی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان گرنگ و پڕ بایەخ دەبێت. چاوەڕوانی ئەوەمان لە ئێوە هەیە، کاری جددی بکەن بۆ رێگری لە بڕیاری دووبارە سزادانەوەی ئەو رۆژنامەنووسە.

رای گشتی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئێستا، لەسەروبەندی پێداچوونەوە بە حوکمی رۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)، کاتی ئەوەیە جارێکی دیکە چالاکی بەرفراوان و کاریگەر دەستپێبکەین. داوا دەکەین، بە رێگە و شێوەی جیاواز، رووبەری ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان گەورەتر بکەن بۆ داکۆکی لە ئازادی رادەربڕین و ئازادییە گشتییەکان. دڵنیابن هەر وشەیەک، هەنگاوێک و ناڕەزایەتییەکی مەدەنییانەی ئێوە، دەبێتە هۆکاری نەك تەنیا پاراستنی ئەو پەراوێزە لە ئازادی کە هەیە، بەڵکو ئەو رووبەری ئازادییە فراوانتریش دەکات.
بە هەماهەنگی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، دەتوانین بە کاری هاوبەش و بەیەکەوەیی، ببینە کارتێکی گرنگی فشار لە قازانجی دۆسیەکەی (شێروان شێروانی)، کە هەمانکات دۆسیەی هەموو دەنگ و رەنگێکی ئازاد و خاوەن ویژدانە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، هەروەها بۆ راگرتنی هەر ستەم و دەستدرێژییەک، کە رەنگە لە داهاتوودا بکرێتە سەر ئازادی و مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، لەوەش خراپتر بە هۆی ئازادی دەربڕینەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی سیاسییانە ببینەوە.
لە ئێستادا دۆسیەی (شێروان شێروانی)، دۆسیەی ئازادییە، دۆسیەی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینە، بۆیە هەر قسە و هەڵوێستێک لەبارەی ئازادی ئەو رۆژنامەنووسە، هاوکات هەوڵدانە بۆ داکۆکی لە ئازادی بە مانا فراوان و گشتییەکەی.

ئازادی بۆ دەنگە ئازا و ئازادەکان
فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ
(رۆنووس) 16ى 8ى 2023

بابەتی پێشتر

پەروەردە لەبارەی مووچەوە بڕیارێكی نوێی دەركرد

بابەتی دواتر

عەلی عەلاق: لە فڕۆكەخانەكان دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێتە گەشتیاران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share