بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى لە سبەى شەوەوە بارستە هەوایەکى سارد روو لە هەرێم دەکات و بۆ چەند رۆژێک پلەى گەرمى بەشێوەى بەرچاو دادەبەزێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسى و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، سبەى چوارشەممە لە کاتەکانى شەودا پێشبینى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵ و هاتنى شەپۆلێکى خۆڵبارین بۆ سەر ناوەڕاستى عێراق و، ئەگەرى کاریگەریى ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە بۆ سەر ناوچەکەمان بە لاوازى دەکرێت.
باسى لەوەشکرد، لەگەل ئەوەشدا لە شەوى چوارشەممەوە نزمبوونەوەى پلەى گەرمی دەستپێدەکات و بۆ رۆژانى پێنجشەممە، هەینى و شەممە پلەى گەرمى (5-7) پلەى سیلیزى نزمدەبێتەوە.
بەهۆیەوە سەنتەرى پارێزگاکان لە (30) پلەى سیلیزى نزیک دەبێتەوە، ناوچە شاخاوییەکانیش بۆ ژێر (30) پلەى سیلیزى دادەبەزێت و، رۆژى یەکشەممە پلەى گەرمى دووبارە دەست بە بەرزبوونەوە دەکاتەوە، کەشناسیی هەرێم وادەڵێت.
ئاماژەشدەدات، بەرزترین پلەى گەرمیى پێشبینیکراوى سەنتەرى پارێزگاکان بەمجۆرە دەبێت، “هەولێر 32 پلە، سلێمانى 30، دهۆک 31، هەڵەبجە 31 و کەرکوک 35 پلەى سیلیزى”.