وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی بەیاننامەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە سەبارەت بەوەی کە ”گوایە هەرێمی کوردستان ئامادە نییە نەوت بەڕێگەی بۆری بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا هەناردە بکات و دەڵێت، “ئامادەین بۆ گفتوگۆی بەپەلە.”
ئاماژە بەوەشدەدات، “حکومەتی ئێستای بەغداد لە مانگی یەکەوە ئابڵوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگەنادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، هیچ جوڵەیەکی بازرگانی نەماوە و ئامادە نییە کاتی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکات بۆ جێگیرکردنی سیستمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامانکردووە.”
هەروەها دەشڵێت، “مـ.ـیلیشیا لەیاسادەرچووەکان، هەموو کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت، گاز و وزەی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیـ.ـرۆیـ.ـستیانەدا بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت.”
ڕوونیشیکردووەتەوە، بەغداد ئامادە نییە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیروریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگرییان لێبکات. تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکەیش نییە بۆ وەستاندنی هێرشەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، “بەشێکی زۆری ئەم هێرشبەرانە لە بەغداد مووچە وەردەگرن و پڕچەککراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، “هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خۆی دەربڕیووە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتوگۆیەکی بونیاتنەر بۆ چارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەستپێبکرێت، بەڵام داواکاریی ئێمە پشتگوێخراوە و هەوڵدراوە ئەجێندای نادەستووری و نایاسایی لە سەر هەرێمی کوردستان بسەپێندرێت.”
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە کۆتاییدا جەختدەکاتەوە کە ئامادەن بەزووترین کات، تیمە پسپۆرەکان کۆبوونەوە لەبارەی خاڵە ناکۆکەکان بکەن و بگەنە ئەنجامێکی خێرای وا کە “هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.”