ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمریكا بە پشتیوانیكردنی داعش و پاراستنی سەركردەكانی تۆمەتباردەكات و دەڵێت، “ئەمریكا ناهێڵێت عێراق داعشەكان بۆردومان بكات.”
كەریم علێوی، پەرلەمانتاری عێراق هۆشداری دەدات لە تێكچوونی بارودۆخی عێراق لە سەردەمی حوكمڕانیی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكادا.
علێوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمریكای تۆمەتباركرد بە هەوڵدان بۆ سووتاندنی عێراق و وتی، “واشنتن ئامادەیە عێراق بسووتێنێت، بۆ ئەوەی هێزەكانی لەوێ بمێننەوە.”
بە بۆچوون و وتەی كەریم علێوی، “ڕێكخراوی داعش لەوكاتەوە كە دیموكراتخوازەكانی ئەمریكا دەسەڵاتیان گرتووەتەدەست، چالاك بووە، چونكە سیاسەتی دیموكراتخوازەكان، تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە بە تایبەت عێراق.”
ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمریكا بە كاری مەترسیدارتر تۆمەتباردەكات و دەڵێت، “واشنتن زۆربەی تەقینەوە و كردەوە تیرۆریستییەكانی عێراقی پارەداركردووە و پشتیوانی كردوون و سەركردەكانی داعش دەپارێزێت.”
جەختیشدەكاتەوە كە “هەندێك ناوچەی عێراق هەن داعش تیایاندا چالاكە، كەچی ئەمریكا ناهێڵێت فڕۆكەكانی عێراق بەسەریاندا بفڕن و بۆردومانیان بكەن.”