قوباد تاڵەبانى: هەنگاوێکی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بووینەتەوە

قوباد تاڵەبانی لە دیدارى فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى وەفدى دانوستانکارى یەکێتى و پارتى هەنگاوێکی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بووینەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ پێشوازیکرد لە ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو وەفدی دانوستانکاری یەکێتى و پارتی و روونیکردەوە، “کۆبوونەوەکە بە گشتی ئەرێنی بووە و هەنگاوێکی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بووینەتەوە”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا، هەردوولا هاوڕابوون سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی کورد و تورک و هەموو ناوچەکەدایە و بە پێویستیشیان زانی هەردوولایەنی کێشە بەپێی نەخشەرێگایەک هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

سەبارەت بە دۆخی سوریاش، هەردوولا گەشبینی خۆیان دەربڕی کە لە سوریای نوێدا هەموو پێکهاتەکان مافەکانیان پارێزراوبێت و بە پێویستیشیان زانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاربێت تا سوریای نوێ بتوانێت بەرەو سەقامگیری و جێگیرکردنی سیستمێک هەنگاوبنێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا بێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share