ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی کورد و رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان تێپەڕدەبێت.
نەوشیروان مستەفا لە بەیانی رۆژی 19 ی ئایاری 2017 بەهۆی نەخۆشییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا و لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ساڵی 1944 دا لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا)ی شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی 1967 کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە.
لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە کار و چالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە.
لە ماوەی تەمەنیدا بە چەندین ئەزموونی سیاسییدا تێپەڕبووە، لە ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان، لە ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دواتر بووەتە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران و دواتر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تا ساڵی 2006 لەو حزبەدا مایەوە.
نەوشیروان مستەفا، دوای بەجێهێشتنی یەکێتی کۆمپانیای وشەی دامەزراند، کە تایبەت بوو بە کاری ڕاگەیاندن، تا ساڵی 2009 کە بزووتنەوەی گۆڕانی راگەیاند.