رۆژنامەی حورییەت: پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە چوار مانگ دەخایەنێت

رۆژنامەی حورییەت-ی تورکی ئاشكرایدەکات، پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان رەنگە سێ بۆ چوار مانگ بخایەنێت.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا باسیلەوەکردووە، گروپە چەکدارەکانی پەکەکە لە تورکیا، عێراق، سووریا، ئەرمینیا و ئێران دەچنە هەرێمی کوردستان و دەخرێنە ناو ئەو یەکانەی کە سەر بە خۆیانن لەناو باڵی چەکداریی پەکەکە (هەپەگە).

ئاماژەی بەوەشکرد، 580 چەکداری پەکەکە، لە سنوورەکانی تورکیا لە رێگەی رێڕەوی ئەمنییەوە، دەپەڕنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دانانی چەکەکانیان.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەو سەرکردە سیاسییانەی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بە رەچەڵەک هاوڵاتیی تورکیان و لە شاخن، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا.

ئەوەشیخستووەتەڕوو، سێ رێگەی جیاواز هەیە بۆ چەکدانانی پەکەکە:

– یەکەمیان لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، کە ئەمە وەک ئەگەرێکی لاواز سەیردەکرێت.

– دووەمیان بە سەرپەرشتیی وەفدێکی تورکیا و هەرێمی کوردستانە.

– سێیەمیان بە سەرپەرشتیی وەفدێکە کە لەلایەن تورکیا، ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و عێراقەوە پێکهێنراوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دانانی چەکەکان بڕیارە لە مانگی شەشی ئەمساڵ دەستپێبکات و ماوەی سێ تا چوار مانگیش دەخایەنێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share