وشەی “بەرات” لە بنەڕەتدا لە وشەی عەرەبیی (براءة – بەرائەت)ـەوە هاتووە.
واتای زمانەوانی و ئایینی: بەرائەت و پاکبوونەوە، بەواتای دوورکەوتنەوە و بەریبوونی مرۆڤ دێت لە گوناه و تاوان.
رزگاربوون: لە فەرهەنگی ئایینیدا، شەوی بەرات بە واتای ئەو شەوە دێت کە تێیدا مرۆڤەکان “بەرائەتنامە” یان “نامەی رزگاربوون”یان لە ئاگری دۆزەخ و لە گوناهەکانیان وەردەگرن، ئەگەر تەوبە بکەن و پەنا بۆ خودا بەرن.
لە ناو کەلتووری کوردیدا، لە لای ئێمەی کورد، “بەرات” تەنیا وشەیەک نییە، بەڵکو گوزارشتە لە “جەژن و بەخشین”.
مۆڵەت و دیاری: وشەی بەرات لای منداڵان واتە وەرگرتنی شیرینی و چەرەسات، کاتێک دەڵێن “بەراتمان بدەنێ”، واتە ئەو بەشە و دیارییەی کە بۆ ئێمە دانراوە بماندەنێ.
گەڕان بەدوای خێردا: بەواتای دابەشکردنی خێر و بێری ماڵان دێت بەسەر منداڵان و هەژاراندا.
واتای یاسایی و مێژوویی: لە سەردەمی عوسمانیدا، وشەی “بەراتی شاهانە” بەکارهاتووە کە بە واتای “مەرسووم یان فەرمانی رەسمیی” دەهات، بۆ نموونە کاتێک کەسێک پلەیەکی پێدەدرا یان زەوییەکی بۆ تەرخاندەکرا، “بەرات”ی بۆ دەردەکرا، واتە فەرمانێکی رەسمی کە دەیسەلمێنێت ئەم شتە مافی ئەوە.