وەزیری دەرەوەی عێراق داوا لە هاوتا ئازەربایجانییەکەی دەکات، کونسوڵخانەی خۆیان لە هەولێر بکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ جەیهون بایرامۆڤ، هاوتا ئازەربایجانییەکەی کۆبوونەوە و پاش کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکەکەیان خستەڕوو.
فوئاد حسێن لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، باسی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا، چ لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجانەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەغداد، یان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر، یان بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و بە پێچەوانەشەوە.
وتیشی، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان گرنگە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانی، ئابوری و گەشتیاریی نێوان هەردوولا.
ئاماژەی بەوەشکرد، جەختمان لەسەر گرنگیی ئاڵوگۆڕی سکۆلەرشیپ و ناردنی خوێندکاری عێراقی بۆ ئازەربایجان و بەپێچەوانەوە، کردەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق داواشی لە هاوتا ئازەربایجانییەکەی کرد، کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەولێر بکەنەوە.