دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانیدا بە کردنەوەی زیندانی بەناوبانگی ئەلکاتراز، کە دەکەوێتە دوورگەیەکی دوورەدەست لە دەریای سانفرانسیسکۆ و، ماوەی زیاتر لە 60 ساڵە داخراوە.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی Truth Social، نووسیویەتی، “بۆ ماوەیەکی زۆرە ئەمریکا بەدەست تاوانبارانی خراپ و توندوتیژ و دووبارەبووەوە دەناڵێنێت، کە تەنها نەهامەتی و ئازارن بۆمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بۆیە ئەمڕۆ، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی داد و FBI و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ، نووسینگەی زیندانەکان ئاراستە دەکەم، دوای فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی، زیندانی ئەلکاتراز بکاتەوە، بەمەبەستی ئەوەی توندوتیژترین و دڕندەترین تاوانبارانی تێدا زیندانی بکرێن.
دەشڵێت، “کردنەوەی ئەلکاتراز دەبێتە هێمای یاسا، رێسا و دادپەروەری. ئێمە جارێکی دیکە ئەمریکا گەورە دەکەینەوە”.
زیندانی ئەلکاتراز، دەکەوێتە دوورگەی ئەلکاتراز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە نزیکەی یەک میل لە باکووری شاری سانفرانسیسکۆوە دوورە، لە ساڵی 1934 کرایەوە بە ئامانجی “زیندانیکردنی دڕندەترین تاوانبارەکان.
لە سەدەی رابردوودا، یەکێک بووە لە گەورەترین و پارێزبەندترین زیندانەکان لە جیهاندا؛ تاوانبارانی بەناوبانگی وەک ئێل کاپۆن، جۆرج ماشین کێلی، ئاڵڤین کارپیس و ئارسەر پارکەر لە ئەلکاتراز زیندانی بوون.
زیندانەکە لە 21ی ئازاری 1963 داخرا و لەوکاتەوە، هیچ تاوانبارێکی تێدا زیندانی نەکراوە و لە چالاکی خراوە.