وەزارەتى دارایی عێراق روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

وەزارەتى دارایى عێراق روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە دەربارەى ئەوەى هەندێک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە زارى ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە بڵاویانکردووەتەوە دەربارەى راکێشانى رەسیدى بانکەکانى رافیدەین و رەشید.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو پارەیەى راکێشراوە، بریتی نییە لە پارەى دانراوى هاوڵاتییان یان رەسیدى زامنکراوى تایبەت بە بانکەکان، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەژمارى سەروەرى (الحسابات السيادية)ى وەزارەتى دارایى، پێشتر لەو بانکانە هەڵگیراون وەک هەنگاوێکى کاتى و، پاش کۆتاییهاتن پێویستییەکان پێى و، بەپێى رێنماییە دارایى و کارگێڕییەکان، گەڕێندراوەتەوە بۆ تەرخانکردنى لە چوارچێوەى بودجەى گشتیدا.

دەشڵێت، بەراوردکردن لەنێوان ئەم رێوشوێنانەى و هەرەسى بانکى لە وڵاتانى دیکە ورد نییە، تایبەتمەندیی ژێرخانى یاسایى و چاودێریی کەرتى بانکى لە عێراق پشتگوێ دەخات، کە لەژێر چاودێریی بانکى ناوەندیدایە.

وەزارەتى دارایى روونیشیدەکاتەوە، هەردوو بانکى رافیدەین و رەشید یەدەگى نەختینەى زۆریان هەیە کە زۆر زیاترە لە بڕى بڕیاردراو لەلایەن بانکى ناوەندى. ئەرکەکانى خۆشیان لە خەرجکردنى مووچە، پارەدارکردنى پرۆژەکان و جێبەجێکردنى پابەندییەکان بەرامبەر مامەڵەکاران بە رێکخراوەیى ئەنجامدەدەن.

ئاماژەشدەدات، یەدەگى یاسایی بانکى رافیدەین لە بانکى ناوەندى لە ئێستادا دەگاتە نزیکەى 9 ترلیۆن دینارى عێراق، ئەمەش پتەویی دۆخە داراییەکەى نیشاندەدات.

پێشتر چەند پەرلەمانتارێک بڵاویانکردەوە کە حکومەت پەناى بردووەتەبەر راکێشانى یەدەگەکانى بانکى رافیدەین بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى نەختینە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share