وەزارەتى دارایی هەرێم زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پرۆژەى پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین خەرج دەکات.
وەزارەتى دارایى و ئابوریى هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری سەرپەرشتی چەند کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و یەکێتیی بەڵێندەران و بانکەکانی سەر بە وەزارەت، دوای ئەو کۆبوونەوانە و ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکان، وەزیری دارایی چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی بەڵێندەران و ئەو کۆمپانیایانە دەرکرد کە سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆژەکانن.
دەشڵێت، وەزیری دارایی بڕیاریدا بە خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستیی تەندروستیی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا و شەقامی 100 مەتری سلێمانی و رێگای دووسایدی کەلار – دەربەندیخان و شایستەی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک و پڕۆژە بەردەوامەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین.
هەروەها بڕیاردرا بە بەردەوامبوونی لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی (التأمینات و خطاب الضمان)ی بەڵێندەران لە سەرجەم بانکەکان، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بەپێی ڕێژە و گوژمەی دیاریکراو.
بڕە پارەکە بەمجۆرە خەرجدەکرێت:
1- چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی.
2- چوار ملیار دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
3- سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار، بۆ سەرجەم پرۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.
4- سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.
5- دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەکانی ئیدارەی راپەڕین.
6- دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
7- پێنج ملیار دینار بۆ پرۆژەی رێگای دوو سایدی کەلار- دەربەندیخان.
8- 20 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی پرۆژەی شەقامی (100) مەتریی سلێمانی (شاڕێی بابان).
9- یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.
