جیهان لە شەڕی و ناکۆکی نێوان بەشێک لە وڵاتان رزگاری نەبووە، ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هیندستان و پاکستانیشی هاتەسەر.
عەتەڵلا تارار وەزیری راگەیاندنی پاکستان رایگەیاندووە، وڵاتەکەی زانیاریی باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستانی دراوسێی بە نیازە لە ماوەی یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوو هێرشبکاتە سەریان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیندستان هێرشەکەی 22 ی ئەم مانگەی سەر ناوچەی گەشتیاریی پەهالگام کە بەهۆیەوە 26 کەس گیانیان لەدەستدا دەکاتە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر پاکستان.
پێشتر هیندستان، پاکستانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکردبوو.
وەزیری راگەیاندنی پاکستان جەختیکردەوە، هیندستان هەر هێرشێک بکات وەڵامی دەدرێتەوە و بەرپرسیارێتی هەر رووداوێکی دەکەوێتە سەرشان.
پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هەردوو وڵات کردبوو دانبەخۆیاندا بگرن و پەرە بە هێرشەکان نەدەن.
ناکۆکییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان نوێ نین بۆ دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە.
ئەویش دوای ئەوەی هەرێمی کشمیر لەنێوان هەردوو وڵات بوو بە دووبەشەوە، لەو کاتەوە و بەردەوام پاکستان هەوڵدەدات ئەو بەشەی بەر هیندستان کەوتووە وەریبگرێتەوە و بیکات بە بەشێک لە خاکەکەی، بەڵام هیندستان ئامادەی سازشکردن نییە لەو پرسەدا، بۆ ئەمەش هەر جارە و بە بیانوویەک ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێتە کایەوە.