بە چاودێریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە سەوزكردن و پاراستنی شاخی گۆیژە لەمەترسی ئاگركەوتنەوە دەگیرێتەبەر.
لەمیانی كۆبوونەوەیەكدا پلانێك خرایەڕوو كە تایبەتە بەپاراستنی دارستانەكانی گۆیژە لە مەترسی ئاگركەوتنەوە و بەردەوامیدان بە سەوزكردنی.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، پلانەكە راسپاردەی پێویست و گرنگی لەخۆگرتووە تاوەكو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بیگرنەبەر بۆ پاراستنی دارستانەكان و كەمكردنەوەی زیانەكانی لەئەگەری كەوتنەوەی ئاگردا بۆ كەمترین ئاست.
بەگوێرەی پلانەكە بۆردی پەیوەندییەكان پێكدێت بەبەشداریی هەموو فەرمانگەكان بۆ بڕیاردان لەبارەی میكانیزمی پاراستنی بناری گۆیژە، سەرباری راهێنان و بەهێزكردن و بوونیادنانی توانای ئەو تیمانەی ئامادەكاری دەكەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەر رووداوێكی ئاگركەوتنەوە بەمەبەستی پاراستنی شاخی گۆیژە.
ئەمە و هەوڵەكان بۆ سەوزكردن و خزمەتكردنی ئەو ڕووبەرانە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەردەوامدەبێت كە لەساڵانی رابردوودا لەگۆیژە نەمامیان چاندووە بەتایبەت لەڕووی نوێكردنەوەی هێڵی ئاگربڕ و ئاودانەوە.