وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دەستیانکرد بە ناردنی چارەسەری شێرپەنجە بۆ دەرەوەی وڵات، کە لە ناوخۆی عێراقدا بەرهەمهێنراوە.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “چارەسەرەکە لە رێگەی گواستنەوەی باری ئاسمانییەوە، هەناردەی لیبیا کراوە و لە پیشەسازییەکانی دەرمانسازی عێراق (IPI) بەرهەمهێنراوە، کە لەگەڵ نوێترین تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت”.
وتیشی، عێراق پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە پیشەسازیی دەرمان و جێبەجێکردنی چەمکی “دروستکراو لە عێراق”، و بەهۆی ئەو پاڵپشتییەی حکومەتی عێراق دەیکات بۆ کەرتی تەندروستی و کارگەکانی دروستکردنی دەرمان، بەشێکی زۆر لە وەبەرهێنەران داواکاری پێشکەشدەکەن بۆ دامەزراندنی کارگەی دابینکردنی دەرمان و پزیشکی لە عێراقدا.