لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، تەنها سێ خولەک چالاکیی جوڵەکردن لە رۆژێکدا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە کەسانی بەساڵاچوودا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
توێژینەوەکە لەسەر 24 هەزار و 139 کەس لە بەریتانیا ئەنجامدرا و تێکڕای تەمەنیان 62 ساڵ بوو، کە بە ئامێرێک چاودێریی ئاستی چالاکیی جەستەییان دەکردن.
لە توێژینەوەکەدا سەرنجی تایبەت خرایە سەر ئەو کەسانەی کە وەرزشی بەردەوام ناکەن، توێژەران بۆیان دەرکەوت کە ناوبەناو ئەنجامدانی چالاکییەکانی رۆژانە، وەک ئامادەکردنی ژەمەکان لە ماڵەوە، پاککردنەوە، باخداری، یان تەنانەت بازاڕکردن، سوودێکی بەرچاویان بۆ تەندروستیی دڵ دەبێت.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەو بەشداربووانەی کە لانیکەم سێ خولەک چالاکیی رۆژانەی جوڵەکردنیان ئەنجامداوە، مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک بەشێوەیەکی بەرچاو کەمتر بووە بەراورد بەو کەسانەی جوڵە ناکەن، یاخود کەمتر دەیکەن.
هەروەها توێژەران ئاماژەشیان بە جیاوازیی رەگەزی کردووە؛ بەگشتی ژنان زیاتر لە پیاوان بەشداریی ئەم چالاکییە ئاساییانە دەکەن، ئەمەش رەنگە دەرخەری ئەوە بێت، بەگشتی رێژەی نەخۆشییەکانی دڵ لە ژناندا بەراورد بە پیاوان کەمترە.