محەمەد شیاع سودانی: بۆ بوونی بە پاپای ڤاتیکان پشتیوانی لە لویس ساکۆ دەکەین

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کاندید بوونی لویس ساکۆ پاتریارکی کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی عێراق بۆ پۆستی پاپای ڤاتیکان، محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند، پشتیوانیی لێدەکەن.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، رایگەیاند، پشتیوانی لە کاردیناڵ لویس رافایل یەکەم ساکۆ دەكەين، وەک تاکە کاندید لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شوێنگرتنەوەی پاپا فرانسیسی کۆچکردوو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رۆڵەی لە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و لێبوردەیی گێڕاویەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق یەکێکە لەو شوێنانەی لە مێژەوە کریستیانەکان لەگەڵ تەواوی ئاینزاکانی دیکە پێکەوە تێداژیاون، کە ئەمە گوزارشتە لە خۆشەویستی نێوان سەرجەم ئیمانداران بە جیاوازی ئاینەکانیانەوە.

مار لویس رافایل ئای ساکۆ، خەڵکی قەزای زاخۆیە و لە 4ی تەمموزی 1948 لەدایکبووە، لەساڵی 1974 لەئەپستۆریای کلدانەکانی موسڵ وەک قەشە دەستنیشانکراوە، لەساڵی 1983 دکتۆرای لەزانکۆی پاپایی رۆما و لەساڵی 1984 بڕوانامەی ماستەری لە فیقهی ئیسلامی‌ و لەساڵی 1986 دکتۆرای لەزانکۆی سۆربۆن بەدەستهێناوە.

لەساڵی 2002 بە قەشەی ئەپستۆریای کەرکوک هەڵبژێردراوە و ساڵی دواتر بۆ هەمان پۆست دەستنیشانکراوەەوە، لە1ی شوباتی 2013 لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کڵێسا لە رۆما بەپاتریارکی کەنیسەی کلدان هەڵبژێردرا، لە مانگی یەکی ساڵی 2022 وەک ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری ڤاتیکان دەستنیشانکرا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share