نرخی زێڕ بەرزبووەوە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا لە بەرزبوونەوە مێژوییەکەی بەردەوامە و بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە، بۆ هەر ئۆنسەیەک نزیکەی 74 دۆلار لە بەهاکەی بەرزبووەتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە سێ هەزار و 389 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، لەکاتێکدا دوێنێ یەکشەممە، نرخەکەی سێ هەزار و 315 دۆلار بوو.

نرخی زێڕ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بە وتەی شارەزایان، بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر زۆرینەی وڵاتانی جیهان و چین لە پێش هەموویانەوە، بووەتە هۆکاری ناجێگیری لە بازاڕەکانی جیهاندا و دابەزینی بەهای پشکی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان.

دابەزینی بەهای پشکی کۆمپانیاکانیش، بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە سامانەکانیان.

هاوکات، فایەق فەهد، زێڕنگەر بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەگەر ئەو کێشمەکێشمانە بەردەوامبن، رەنگە تا هەفتەی داهاتوو نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21، بگاتە 720 بۆ 725 هەزار دینار.

وتیشی، ئەو بەرزبوونەوەیە تەنیا زێڕی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بەهای زۆرینەی کانزاکان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە؛ ئەگەر ئەمریکا و چین لەسەر چەند خاڵێک رێکبکەون، راستەوخۆ نرخی زێڕ و ئەو کانزایانە، روو لە دابەزین دەکەن.

نرخی ئێستای زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان:

مسقاڵێک زێڕی عەیارە 18 به 606 هەزار دینار.

مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21 به 707 هەزار دینار.

مسقاڵێک زێڕی عەیارە 22 به 740 هەزار دینار.

مسقاڵێک زێڕی عەیارە 24 به 810 هەزار دینار.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share