پارێزگاری سەماوە دوای سەردانکردنی شاری سلێمانی رایگەیاند، “سەرسامی پێشکەوتن و پاکوخاوێنی شارەکەم”.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ موهەنەد عەتابی پارێزگاری سەماوە، دوای ئەوەی سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی کۆبووەوە، سەردانی ناوبازاڕی کرد و سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنەکانی شارەکە دەربڕی.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەیاندا، جەخت لەوەکراوەتەوە، کە لەرووی ئابورییەوە سلێمانی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک ئێستا شارەکە چەندین کارگەی گەورەی تێدایە و بەرهەمەکانیان دەنێردرێنە پارێزگاکانی ناوەراست و خوارووی عێراق.
ئاماژەی بەوەشدا، ناوبراو دوای سەردانەکەی، هیوای خواست لەکاتی سەردانی داهاتوویدا شاری سلێمانی زۆر پێشکەوتووتر و ئاوەدانتر بێت.